دوو كۆمپانیای ئێرانی و سێ‌ ئەندامی سپای قودس خرانە لیستەی گەمارۆكانەوە

14:20 - 9 خاکەلێوه 2712
كوردپا: وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریكا دوو كۆمپانیای ئێرانی و سێ‌ ئەندامی سپای قودس و هاووڵاتییەكی خەڵكی نیجریەی بە تاوانی قاچاخی چەك و چۆڵ لە ئێرانەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناڤین خستە لیستەی گەمارۆكانەوە.

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریكا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، كۆمپانیای ئاسمانیی \"هەواپەیمایی یاس\"، شیركەتی كەشتیرانی \"بهینە\" و ئیسماعیل غەنی، سەید عەلی ئەكبەر تەباتەبایی و حوسێن ئاقاجانی لە ئەندامانی سپای قودس خرانە لیستەی گەمارۆكانەوە.

پێشتریش كۆمپانیایەكی كەشتیڕانیی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران خرابووە لیستەی گەمارۆكانەوە.

دەیڤید كوهن وەزیری خەزێنەداریی ئەمریكا لەو باوەڕە دایە گەمارۆكان بە تەواوەتی كاریگەرییان لەسەر ئابووری حكوومەتی تاران داناوە.

شارەزایانی ئابووری لەو باوەڕە دان هاوكات لەگەڵ توندتر بوونەوەی گەمارۆكان بەدژی ئێران، بە كردەوە رەوانەی پارە بۆ ئێران لە رێگای سیستمی بانكییەوە داخراوە و چەندین شیركەت بۆ دانەوەی قەرزەكانیان بە ئێران دەستەوەستان ماون.

هێندێ‌ لە بەرپرسانی بانكی و چالاكانی سەنعەتی نەوت لە وتووێژ لەگەڵ رۆیتێرزدا وتوویانە كە گەمارۆكانی ئەمریكا و ئورووپا لەسەر كەرتی ئابووریی ئێران هێندە كاریگەر بوون كە تەنانەت گواستنەوەی پارە لە رێگای هەرچەشنە سیستمێكی بانكییەوە بۆ ئێران نەگونجە.