دوو کەس لە ئەندامانی مەکتەب قورئان لە مەهاباد دەسبەسەر کران

11:46 - 22 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی بانەمەڕ، دوو کەس لە ئەندامانی مەکتەب قورئان له مەهاباد بە ناوەکانی "سەعید ڕەشیدی و محەممەدعەلی لەشکری"، بە شێوەی نایاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کران.

شورای بەڕێوەبەرانی مەکتەب قورئان لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە، کاتژمێر ٩ی بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، مەئموورانی پایگای هێزە نیزامییەکانی ژمارەی ١١ بە بیانووی ئەوەیکە لەسەر سەعید ڕشیدی سکاڵا تۆمار کراوە، بانگهێشت کراوە و پاش کاتژمێرێک مەئموورانی ئەمنییەتی ناوبراویان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

لەلایەکی دیکەوە و لە هەمان ڕۆژدا، دوو ماشینی مەئموورانی ئەمنییەتی، محەممەدعەلی لەشکرییان لە شوێنی کارەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو ئەندامەی شورای مەکتەب قورئان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی ناوبراوان بێئاکام ماوەتەوە و هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون لەمەڕ چارەنووسی ئەو دوو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکانیان خۆ دەبوێرن.