دوو کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی شنۆ و پیرانشار بریندار کران

11:29 - 12 رێبەندان 2719

لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "وەلی گوندک‌ مەلا" بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی سپای پاسداران، لە سنووری شنۆ پێکرا.

هێزەکانی سپای پاسداران بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە و ئەو کۆڵبەرە، بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە.

هەروەها، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری پیرانشار، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە درانەبەر دەسڕێژیی گولـلە و لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "عوسمان وەزیری"، تەمەن ٣٢ ساڵ بەسەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، پشتی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی ورمێ کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی ڕێبەندان، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "عەلی هادی‌ زادە" کوڕی "بەشار"، تەمەن ٢٢ ساڵ و هەروەها "حوسێن هادی‌ زادە" کوڕی "جەمیل" و تەمەن ٢٩ ساڵ، لەلایەن هێزەکانی ئەرتشی تورکییەوە تەقەیان لێکراوە و بەسەختی پێکراون.