دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری چاڵدێران بریندار بوون

10:44 - 20 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بەسەختی پێکران و بۆ ناوەندی دەرمانیی تورکیە و چاڵدێران ڕاگوێزران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٩ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەجید مەزلوومی"، تەمەن ٢٥ ساڵ، خەڵکی گوندی "جخورکەند"ی شاری چاڵدێران، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لەو ڕووداوەدا سکی بەر گولـلەی هێزە نیزامییەکان کەوتووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی شاری "وان" لە تورکیە کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە نزیک گوندی "مادلوو"ی چاڵدێران کەوتبوونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "محەممەد مەراز" بەسەختی پێکرابوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، لاق و پشتی پێکرابوو و بۆ ناوەندی دەرمانیی چاڵدێران ڕاگوێزرابوو.