دوو کۆڵبەری کورد لە سنووری شارەکانی سەردەشت و سەڵماس بریندار بوون

10:08 - 7 رێبەندان 2719

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی سنووری سەڵماس کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک بە ناوی "سالار ڕەحمانی" کوڕی "محەممەد"، تەمەن ٢٣ ساڵ، بریندار بوو.

ئەو گرووپە لە کۆڵبەران لە گوندی سنووری "شمونین" سەر بە سەڵماس لە سێڕێیانی خاڵی سنووری "گەچتوورمەز" بوون.

"سالار ڕەحمانی" بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی سەڵماس کراوە.

لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی سنووری "وەسونە"ی سەردەشت، کرانە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت و بەهۆی تەقەی ئەو هێزانەوە کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "مەحیەدین عەزیزی" کوڕی "ئەبووبەکر"، بەسەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە سەردەشتییە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.