دوو کۆڵبەری کورد بەهۆی دەستکورتییەوە نەشتەگەرییان بۆ ناکرێت

11:42 - 20 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی بەخشی قوتووری شاری خۆی کە لە نەخۆشخانەیەکی تەورێزن، بەهۆی هەژاری و دەسکورتی لە دانی پارەی تێچووی پزیشکی، نەشتەرگەرییان بۆ ناکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "عەلی یووسفی" کوڕی "محەممەد"، تەمەن ٢٥ ساڵ و "بێهنام عەلیزادە" کوڕی "حوسێن"، خەڵکی گوندی "بەلجوک" سەر بە بەخشی قوتووری خۆی، بەهۆی بارودۆخی نالەباری ماڵییەوە، توانای دانی تێچووی نەشتەگەری لە نەخۆشخانەی "شوهەدا"ی تەورێزیان نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پزیشکانی نەخۆشخانەی شوهەدای تەورێز، لە دەوا و دەرمانکردنی ئەو دوو کۆڵبەرە خۆیان بواردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "ئەو دوو کۆڵبەرە ماوەی پێنج ڕۆژە چاوەڕێی نەشتەرگەرین".

 ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ١٤ی بەفرانبار، ئەو دوو کۆڵبەرە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی خۆی کرابوون کە دواتر بەهۆی قورسیی برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی شوهەدای تەورێز کرابوون.