دوو کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری بانە بوونە قوربانی

03:04 - 2 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری دیکەی کوردی خەڵکی شاری سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین لە سنووری هەنگەژاڵ\"ی سەربە شاری بانە، بەهۆی تەقینەوەی مین بەتوندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ٩ی شەوی چوارشەممە رێکەوتی ٢ی رێبەندان دوو کۆڵبەری کورد بەهۆی تەقینەوەی مینی بەجێماوی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و ئێراق لە سنووری شاری بانە بۆ هەرێمی کوردستان، تووشی کەمئەندامی و برینداری بوون.

شایەتحاڵیک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ لە نزیک خاڵی سنووریی بانە مینێک لەژێر لاقی کۆڵبەرێک بەناوی فوئاد رۆستەمی تەمەن ١٩ ساڵ تەقییەوە و بەو هۆیەوە لاقی راستەی لەدەست داوە.

فوئاد رۆستەمی کوڕی رەشید و خەڵکی گوندی ساڵحاوای سەربە شاری سەقز بووە و بۆ چارەسەریی برینەکانی لە نەخۆشخانەی شاری پێنجوێن لە هەرێمی کوردستان خراوەتە ژێر چاوەدێریی پزیشکییەوە.

ئەو شایەتحاڵە گوتیشی کۆڵبەرێکی دیکەش بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینە دەستی بەتوندی بریندار بووە و لەلایەن کۆڵبەرەکانی دیکەوە بۆ نەخۆشخانەی شاری بانە راگویزراوە.

هەروەها کۆتایی مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵیش کۆڵبەرێکی دیکەی کوردی خەڵکی گوندی ساڵحاوای سەربە شاری سەقز بەناوی \"خالید\" و کوڕی محەممەد، کە لە خاڵی سنووریی \"سەیرانبەند\"ی بانە سەرقاڵی کۆڵبەری بوو، بەهۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لەدەست دا.