دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزەکانی سپا لە سنووری شنۆ بریندار بوون

20:52 - 17 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی \"کێلەشین\" لە شاری شنۆ بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە ١٦ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە بەرزاییەکانی \"کێلەشین\" سەر بە شاری شنۆ، دەکەونە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی \"ش.ج\" تەمەن ٣٢ ساڵ و \"د.ی\" تەمەن ٢٨ ساڵ بە سەختی بریندار بوون.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، کە گوللە بە سێنگ و لاقیان کەوتووە، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سۆران لە هەرێمی کوردستان کراون و دواتر \"ش.ج\" بە هۆی سەختی برینەکەیەوە بۆ ناوەندەی دەرمانی شاری هەولێر گوێزرایەوە.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە، هەنوکە لە ژێرچاوەدێری پزیشکی دان و دۆخی تەندروستیان جێگیر ڕاگەیاندراوە.

ئاژانسی کوردپا بە هۆی پێداگری نزیکانی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، لە ناوی تەواوی ئەو دوو کۆڵبەرە خۆی دەبوێرێ.

نزیکانی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە ئاماژە کردن بە گوشاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان بە ئاژانسی کوردپا ڕایانگەیاند: \"لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی ناوی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، ئەگەری دەسبەسەرکرانی ئەوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، لە ئارادایە\".