دوو کۆڵبەری کورد بریندار بوون

13:48 - 4 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری دیکەی کورد، به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە سنووری شارەکانی سەردەشت و خۆی بریندار کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژاسنی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ٤ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"فەرشاد میرزایی\"، کوڕی \"ئەسەد\" خەڵكی گوندی \"بلسووری سۆفلا\"، سەر بە شاری خۆی، به هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە لای ڕانییەوە بە توندی بریندار کراوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری وان لە کوردستانی تورکیە ڕەوانە کراوە.

هاوکات ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد، بە ناوی \"ستار خزری\"، تەمەن ٣٦ ساڵ کوڕی حامید، لە سنووری شاری سەردەشت و ڕانیە، به هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان، بە توندی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، بە هۆی قووڵیی برینەکەی بۆ نەخۆشخانەی شاری مەهاباد ڕاگوێزراوە.

لەو پێوەندییەدا، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ٣ی بەفرانبار، گرووپێک لە کۆڵبەرە کوردەکان، لە سنووری نێوان شاری قەڵادزێ و سەردەشت کەوتنە بۆسەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان و به هۆی تەقەی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە، دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەقز، به توندی بریندار بوون و بۆ نەخۆشخانەی شەهیدانی شاری قەڵادزێ ڕاگوێزرانەوە.

\"عوسمان محەممەد\"، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ، لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری کوردپادا، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەم ڕووداوە، شوناسی ئەم دوو کۆڵبەرە کوردەی \"ئیبراهیم محەممەد ڕەحیم\" تەمەن ٤٠ ساڵ و \" عەتا محەممەدزادە\" تەمەن ٤٨ ساڵ ڕاگەیاند.