دوو کۆڵبەری سەردەشتی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار بوون

12:28 - 18 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی شاری سەردەشت، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بەسەختی بریندار کران و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی هەرێمی کوردستان کران.

ڕۆژی شەممە، ١٨ی خەزەڵوەر، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە سنووری "پشدەر"، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەسڕێژیی گوللـە و لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکاندا، دوو کۆڵبەری سەردەشتی بریندار بوون.

"عوسمان ئەحمەد"، بەڕێوبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی نوێی قەڵادزێ لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان، شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی بە ناوەکانی "سیامەند محەممەد عەبدوڵڵا"، تەمەن ١٩ ساڵ و "سیروان حوسێن عەبدوڵڵا"، تەمەن ٢٥ ساڵ، ڕاگەیاندووە.

بە وتەی "عوسمان ئەحمەد"، ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا، لە لایەن ھێزە سەربازییەكانی ئێران لە سنووری گوندی زەڵێی قەزای پشدەر تەقەیان لێکراوە و بریندار بوون"

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە خەڵکی گوندی ساوەی شاری سەردەشتی کوردستانی ڕۆژهەڵاتن و یەکێکیان گولـلە بەر قاچی و ئەوی دیكەیان بەر سکی کەوتووە.

ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە، هەنووکە لە نەخۆشخانەی فێرکاریی شەهیدانی نوێی قەڵادزێ خەوێندراون و بڕیارە نەشتەرگەرییان بۆ بکرێت.