دوو کۆڵبەری دیکە لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە نیزامییەکان پێکران

12:00 - 11 بانەمەڕ 2722

ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "موبین حامیدی" خەڵکی گوندی "دشە"ی پاوە و "فەلاح عەزیزی" خەڵکی شاری سەلاس‌باوەجانی بە تەقەی هێزە نیزامییەکان، بریندار کران.

ئەو دوو کۆڵبەرە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو و لە مەودایەکی کورتدا، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە تەقەیان لێکراوە و بۆ چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ناوەندێکی دەرمانی کراون.

بە هەژمارکردنی ئەو دوو حاڵەتە، لە هەمان ڕۆژدا لانیکەم شەش کۆڵبەر به تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود کوژراو و بریندار بوونه.

هەروها ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، دوو کۆڵبەری مێرمنداڵ بە ناوەکانی "فەرهان مینایی" تەمەن ١٥ ساڵ و "ڕامین باواجانی" تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری سەلاس‌باوەجانی، بە تەقەی هێزە نیزامییەکان لە سنووری نەوسوود بریندار کران.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ١٠ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "سەفەر سوبحانی" کوڕی حەیدەر، خەڵکی گوندی "دووریسانـ"ـی شاری پاوە بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "فەرشید قادری ‌زادە" خەڵکی گوندی "دشە"ی شاری پاوە بریندار کرا.