دوو کۆڵبەری دیکە لە سنووری شاری سەڵماس کوژران و بریندار بوون

13:57 - 3 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە سنووری شاری سەڵماس، کوژران و برینداربوونی دوو کۆڵبەری کوردی لێ کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد، لە سنووری شەپێرانی شاری سەڵماس دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە و پاش تەقەکردنی ئەو هێزانە لەو کۆڵبەرانە، کۆڵبەرێک بە ناوی \"فەرامەرز جەلی‌باقوو\" تەمەن ٢٦ ساڵ کوڕی حەمید، گیانی لە دەست دا و کۆڵبەرێکی دیکە کورد، بە ناوی \"زاکری جەلی‌باقوو\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی عوسمان بە توندی بریندار بوو.

زاکری جەلی‌باقوو بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری سەڵماس کراوە و بارودۆخی گشتیی تەندروستی ناوبراو نالەبارڕراگەیاندراوە.
ئەو کۆڵبەرانە، ئامۆزای یەک بوون و بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان ڕوویان لە پیشەی کۆڵبەری لە ناوچەی سنووریی شاری سەڵماس کردبوو.

هێزە نیزامییەکان لە مەودایەکی کورت و بەبێ ‌ئاگادارکردنەوەی پێشوو، تەقەیان لەو دوو کۆڵبەرە کوردە کردووە.