دوو کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کرماشان بریندار کران

15:22 - 7 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزی سنوووریی سەلاسی باوەجانی لە پارێزگای کرماشان، تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەری کورد کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای ئەم حەوتوویە دوابەدوای تەقەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کرماشان، دوو کۆڵبەری خێزاندار وەبەر \"گوللەی ڕاستەخۆ\" کەوتوون.

لەو تەقەکردنەدا، کۆڵبەرێک بە شوناسی \"وەلی ڕەمەزانی\" لە لای ڕان و زگییەوە پێکراوە.

کۆڵبەرێکی دیکەی خەڵکی گوندی \"هەرمیان\" لە ڕووداوی شەممە ٥ی خاکەلێوەدا برینی قورسی هەڵگرتووە کە ناسنامەکەی هێشتا بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو باس لە \"خراپیی دۆخی تەندرووستی\" ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە دەکات. هەردوو کۆڵبەری بریندار بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ نەخۆشخانەی شار جوانڕۆ بەڕێ کراون.

تەقەی ڕاستەخۆ و برینداربوونی کۆڵبەرانی سەلاسی باوەجانی، بە نوێترین هەوڵی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئێران لە ساڵی ٩٦ لە کوردستان هەژمار دەکرێت.

کارناسان و مافپەروەران ڕوانگەیان ئەوەیە کە؛ هەر بەپێی یاسای بەکاربردنی چەک، تەقەی ڕوو لە کۆڵبەران، پێشل کردنی خودی یاساکەیە.

بەپێی ئاماری کوردپا، ١٥٤ کۆڵبەر لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕووداوەکانی تەقەکردن، تەقینەوەی مین، سەرما و ... کوژراو یان بریندار بوونە.