دوو کۆڵبەر لە سنوورەکانی "سەرتەزێن و نەوسوود" بریندار بوون

13:25 - 4 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "کەیوان ئەمانی" خەڵکی گوندی "حاجی مەمدانـ"ـی سەقز، لە سنووری "سەرتەزێنـ"ـی بانە پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە سنووری سەرتەزێن بریندار کراوە.

کەیوان ئەمانی لەو ڕووداوەدا، چاو و شانی بریندار بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی بانە کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو پەیوەندییەدا بە کوردپای ڕاگەیاند: "پاش گواستنەوەی ئەو کۆڵبەرە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی بانە، هێزێکی زۆر ڕژابوونە ئەو نەخۆشخانەیە".

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی هەینی ٣ی پووشپەڕ، کۆڵبەرێکی ڕوانسەری بە ناوی "سیروان ئەحمەدی" تەمەن ٢٨ ساڵ، لە سنووری نەوسوود بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کرابوو.