دوو کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود بریندار کران

11:16 - 10 جۆزەردان 2722

شەوی دووشەممە ٩ی جۆزەردان، لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە ژمارەیەک لە کۆڵبەران، دوو کۆڵبەری خەڵکی جوانڕۆ بە سەختی بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرەی بە ناوەکانی "عومەر یەعقووبی و جەلال مروەتی" خەڵکی گوندی "کلاشی باخانـ"ـی شاری جوانڕۆ ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: "هێزە نیزامییەکان لە پشتەوە تەقەیان لەو کۆڵبەرانە کردووە".

لەو ڕووداوەدا "عومەر یەعقووبی" بەهۆی بەرکەوتنی گولـلەی هێزە نیزامییەکان لە پشت ملی بریندار و "جەلال مروەتی" نێوقەد و دەستی پێکراوە.

"عومەر یەعقووبی" ئەمە دووەمین جارە کە بە تەقەی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود دەپێکرێت.

سەرچاوەی کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: "عومەر یەقووبی بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی کرماشان کراوە".

وێنە: عومەر یەعقووبی