دوو کۆڵبەر بە تەقەی هێزەکانی سپا لە سنووری حاجی عومەراندا بریندار بوون

11:58 - 21 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی سپای پاسداران، گرووپێک لە کۆڵبەرانی کوردیان لە سنووری حاجی عومەرانی شاری پیرانشاردا کردووەتە ئامانج و تەقەیان لێکردوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٠ی خەزەڵوەر، گرووپێک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری حاجی عومەرانی پیرانشاردا کەوتنە بە دەستڕێژیی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەری کورد بریندار بوون.

شوناسی ئەم دوو کۆڵبەرە بریندارە، "سیروان سەعادەت نیا" کوڕی "ئەحمەد"، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی گوندی "دڵاوەرانـ"ـی سەر بە شاری پیرانشار و "سلێمان ئابتین"، تەمەن ٥٠ ساڵ، کوڕی "حەمزە"، خەڵکی گوندی " بادین ئاوا"ی سەر بە شاری پیرانشار ڕاگەیەندراوە.

ئەم دوو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ پیرانشار لە شوێنێک بە ناوی "کانی ناخۆشە" کەوتوونەتە کەمینی هێزەکانی سپاوە.

ئەم دوو کۆڵبەرە لە لای دەست و لاقەوە بریندار بوونە و بۆ چارەسەریی پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری "چۆمان" لە هەرێمی کوردستانی عێراق و دواتر بۆ شاری هەوڵێر ڕاگوێزراونەتەوە.