دوو کۆڵبری کورد لە سنووری پیرانشار و سەردەشت پێکران

11:45 - 6 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کورد بە تەقەی هێزە  نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری شارەکانی سەردەشت و پیرانشار، بریندار و ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٥ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە سنووری سەردەشت کەوتنە بۆسەی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە، کۆڵبەرێک بە ناوی "حەسەن ساڵحپوور" بەسەختی پێکرا.

ئەو کۆڵبەرە لەو ڕووداوەدا لاقی پێکراوە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی سەردەشت کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، کۆڵبەرێکی پیرانشاری بە ناوی "تەها ڕەشیدزادە"، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری ئەو شارەدا بریندار کرا.

ئەو کۆڵبەرە بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی ورمێ کراوە.