دوو کچی تەمەن ١٥ ساڵە، لە شاری مەلەکشاهی هەوڵی خۆکوژیان دا

15:28 - 9 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کچی تەمەن ١٥ ساڵە، خەڵکی شاری مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام هەوڵی خۆکوژیان دا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ڕۆژی ڕابردوو ٨ی خەرمانان، دوو کچی قوتابی تەمەن ١٥ ساڵ، لە کردەوەیەکی سەیردا، لە یەکێک لە شاخەکانی مەلەکشاهی خۆیان خستەخوارەوە و ئەم ڕووداوە بوو بە هۆی گیانی لە دەستدانی یەکێک لەو دوو کچە قوتابییە.

لەو ڕووداوەدا، یەکێک لە کچەکان گیانی لە دەستدا و ئەوەی دیکەیان \"کوڵۆکی\" دەردەچێت.

هەواڵدەریی \"ئیلنا\" لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەو دوو کچە هاوپۆلی بوون و پاش دەرنەچوون لە ئەزموونی وانەکانیان و درێژەدان بە خوێندن، دەستیان داوەتە خۆکوژی.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو کچە قوتابییە ڕانەگەیەندراوە.

شاری مەلەکشاهی یەکێک لە شارەکانی پارێزگای ئیلام لە ڕۆژئاوای ئیران بە ئەژمار دێت و ناوەندی ئەو شارە، شاری \"ئەرکەوازییە\".

ساڵی ڕابردوو، پارێزگاری ئیلام لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی مێهر بە پێداگری لە سەر ئاماری خۆکوژی لە نێو لاوانی پارێزگاری ئیلام ڕایگەیاندووە، لە ماوە٣ی ساڵی ڕابردوودا بە بەراورد لەگەڵ حەشیمەتی ئەو پاڕێزگایە زۆرترین ڕێژەی خۆکوژی هەیە.

هەروەها، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو، یەکێک لە ئەندامانی شۆرای باڵای پارێزگاکانی ئێران، بە ئاماژە کردن بە هەژاری و بێکاری لە پاڕێزگای ئیلام، ڕەخنەی لە بەرپرسانی حکوومەتی گرتبوو و ئەو پارێزگایە بە \"پێتەختی\" خۆکوژی لە قەڵەم دابوو.