دوو کرێکاری کورد، لە باکووری ئێران گیانیان لە دەست دا

14:33 - 4 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کرێکاری کورد، خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری مەریوان، لە پارێزگای مازندەران لە کاتی مەلە کردن لە ئاودا خنکان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خەرمانان، دوو کرێکاری کورد لە کاتی مەلە کردن و بە هۆی ناشارەزاییان لە مەلە کردن، لە باکووری ئێران لە ئاودا خنکان.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان، شوناسی ئەو دوو کڕیکارە کوردەی بە ناوەکانی\"ئیبراهیم ئەلیاسی و بەرزان وەیسی\" ڕاگەیاند.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها ئەوەشی خستەڕوو، ئیبراهیم و بەرزان خەڵکی گوندی \"بێساران\" سەر بە شاری مەریوانن.

ئەو دوو کرێکارە کوردە، بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانی بنەماڵەکانیان ڕوویان لە شاری مازندەران لە باکووری ئێران کردبووە.

بە هۆی نەبوونی کار و لە سەرەوە بوونی ڕێژەی بێکاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کرێکارانی کورد دەبنە قوربانیی ڕووداوی کاری نەخوازراو.