دوو کرێکاری مەریوانی لە دوو ڕووداوی جیاوازدا گیانیان لە دەست دا

14:34 - 10 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کرێکاری مەریوانی، کە بۆ کارکردن ڕوویان لە شارەکانی ئێران کردبوو، لە دوو ڕووداوی جیاوازدا گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ٨ و ٩ی ڕەزبەر، دوو کرێکاری کورد بە هۆی ناشارەزایی لە مەلە کردن و بەربوونەوە لە سەر دار گیانیان لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان شوناسی ئەو کرێکارە کوردە، کە لە ئاودا خنکابوو، بە ناوی \"کۆسار شوکری\" تەمەن ١٩ ساڵ، خەڵکی گوندی \"ونێنە\"ی شاری مەریوان ڕاگەیاندووە.

ئەو کرێکارە کوردە، کە لە شاری تاران خەریکی کرێکاری بووە، لەگەڵ براکەی ڕۆیشتبوون بۆ باکووری ئێران لە کاتی مەلە کردنی لە دەریا خەزەر لە ئاودا خنکا.

هەر لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی ڕابردوو، کرێکارێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان، کە بۆ کار کردن ڕووی لە شاری زەنجان کردبوو، بە هۆی بەربوونەوە لە سەر داری زەیتوون گیانی لە دەست دا.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە، شوناسی ئەو کڕێکارە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووتەوە.

بە هۆی نەبوونی کار و زۆریی ڕێژەی بێکاری لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، هاووڵاتییانی کوردستانی ئێران بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوو لە پارێزگاکانی دیکەی ئێران دەکەن و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، کرێکارانی کورد قوربانی ڕووداوی کار دەبن.