دوو کرێکاری دیکەی کورد بوونە قوربانی ڕووداوی کار

13:38 - 23 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کرێکاری کورد بە هۆی تەقینەوەی کارگەی دروست کردنی دەوا و دەرمان لە شاری ساوە گیانیان لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەمە، بە هۆی تەقینەوەی کارگەیەکی دەوا و دەرمان دروست کردن لە شاری ساوە، دوو کرێکاری کورد بە سەختی بریندار بوون.

شوناسی ئەو دوو کرێکارە کوردە بە ناوەکانی\"سامان ڕەنجبەر\" و \"حەسەن کورد\" ڕاگەیەندراوە.

هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە ، ئەو دوو کرێکارە کوردە لە \"شرکت صنایع دارویی ارسطو\" کاریان کردووە کە لە ئەنجامی دروست بوونی کێشەی فەننی تووشی ئەو ڕووداوە بوون.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە، پاش سێ ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە بە هۆی ڕێژەی زۆری سووتاویەکەیانەوە، گیانیان لە دەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: ڕێژەی سووتاوی ئەو دوو کرێکارە کوردە لە سەدا ٧٠ و ٨٠ بووە.

\"مەرگی بێدەنگی کرێکاران\"، چەمکێکە کە لەنێو چالاکانی کرێکاری ئێراندا سەبارەت بە مەرگی کرێکاران بەهۆی رووداوەکانی کارەوە لە ئێراندا بەکار دەبردرێت.