دوو کاسبکاری کورد لە سنووری بانە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بریندار کران

20:34 - 29 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بریندار کران و دۆخی تەندروستی ئەوان باش ڕاگەیاندراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی خەزەڵوەر، دوو کاسبکاری کورد بە ناوەکانی \"لوقمان فەتحی\" و \"لوقمان ئەعلەم\" خەڵکی گوندی \"ئارمردە\"ی بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە سەختی بریندار بوون.

ئەو دوو کاسبکارە کوردە لە سنووری بانە، کراونەتە ئامانجی تەقەی هێزە نیزامییەکان و دواتر بۆ چارەسەری پزیشکی لە لایەن کۆڵبەرانی دیکەوە بۆ ناوەندی دەرمانیی شاری سلێمانیە لە هەرێمی کوردستان ڕاگوێزراون.

پزیشکانی نەخۆشخانەی شاری سلێمانییە دۆخی تەندروستی ئەم دوو کاسبکارە کوردەیان باش ڕاگەیاندووە.

دەوترێ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو تەقەیان لەم دوو کاسبکارە کوردە کردووە.

لەم پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، کۆڵبەرێکی مێرمنداڵ بە ناوی \"مێهران دەهستانی‌ڕاد\" تەمەن ١٥ ساڵ خەڵکی گوندی \"دۆڵەتوو\"ی شاری سەردەشت بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بە سەختی بریندار کرا.