دوو کاسبکاری لاوی سەردەشتی بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان کوژران

12:47 - 26 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: دوو کاسبکاری لاو لە گوندی \"بێتووش\"، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای بێتووش کوژران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاتژمێر ١ی نیوەشەوی ٢٦ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکان لە گوندی \"بێتووش\" سەر بە شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کوردی ئەو ناوچەیە کرد، کە لە ئاکامدا دوو کاسبکار گیانیان لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو دوو کاسبکارە کوردەی، بە ناوەکانی\" عوسمان ئەحمەدی\" کوڕی عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٠ ساڵ و \"محەممەد بەهرامی\" کوڕی ڕەحمان، تەمەن ٢٢ ساڵ و خێزاندار ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا ئەوەشی ڕاگەیاند: تەرمی ئەو دوو لاوە کوردە، پاش چەند کاتژمێرێک گەیەندراونەتە پزیشکی یاسایی و دواتر ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراونەتەوە.

بە هۆی نەبوونی پیشەیەکی شیاو و هەبوونی کێشەی ماڵی، دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە مەبەستی دابین کردنی بژیوی ژیانیان ڕوویان لە کۆڵبەری کردووە؛ بەم هۆیەشەوە ڕۆژانە شایەتی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانین.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"جەعفەر\" تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی گوندی \"گڵ کەنگ\" سەر بە شاری سەردەشت، بە هۆی ڕاوەدوونان لە لایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران و بەربوونەوە لە بەرزایی لاق و دەستی شکا.