دوو ژنە هاووڵاتیی خەڵکی کەنگاڤەر دەسبەسەر کران

13:58 - 17 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو ژنە هاووڵاتیی خەڵکی شاری کەلنگاڤەر سەر بە پارێزگای کرماشان، لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی لە شاری کەنگاڤەر، دوو ژنە هاووڵاتیی خەڵکی ئەو شارەیان بە هۆی ناڕەزایەتی دەربڕین لە هەمبەر خۆداپۆشینی زۆرەملی \"حجاب اجباری\"، دەسبەسەر کرد.

کاناڵی تێلگرامی \"آفتاب کنگاور\"، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاوی کردبوو، ئەو دوو ژنە، لە هەوڵێکی \"اعتراضی\"دا، لە یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە، سەرپۆشەکەی خۆیان لابردووە، دەسبەسەر کراون.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئەو دوو ژنە، لە دەورووبەری پەرستگەی ئاناهیتا، ئەو شارە بەبێ ڕووسەری لەو شەقامەدا، گەڕاون.

بەڕێوەبەری ناوەندی پەروەردەی ئایینی، کۆڕی باڵای بەسیج، بەسیجی کۆمەڵگای ژنانی کەنگاڤەر و هەروەها عەلیڕەزا عەتایی، بەرپرسی ناوەندی پەروەردەی ئایینیی شاری کەنگاڤەر، هەوڵی ئەم دوو ژنە ناڕەزاییەیان بە خۆداپۆشینی زۆرەملی بە \"پڕوپاگەندە بۆ بێ‌حیجاب، پەرەپێدانی چوارشەممە سپییەکان و هەم پەرەپێدانی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی سپی\" ناوزەد کردووە.

\"پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی سپی\"، لە ئێران دەستەواژەیەکی بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە شێوەی نافەرمی دەگوترێت کە نابێت کچ و کوڕ لە یەک مارە بکرێن.