دوو ژن و پیاوێکی کوردی مەسیحی لە مەهاباد، دەستبەسەرو رەوانەی زیندان کران

15:50 - 18 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: سێ هاووڵاتیی کوردی مەسیحیی خەڵکی شاری مەهاباد، زیاتر لە ١٠ رۆژە دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد کراون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو ژن و پیاویکی مەسیحیی کوردی خەڵکی مەهاباد، ماوەی ١٥ رۆژە بە تۆمەتی تەبلیغ بە دژی نیزام و تەبلیغ بۆ ئایینی مەسیحی دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی شاری مەهاباد کراون.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد رایگەیاند، هاووڵاتییەکی کوردی مەسیحی بەناوی عەتا بابایی، ١٠ رۆژ پێش ئێستا هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکەی دەستبەسەر کراوە، ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ١٧ی گەلاوێژ، بۆ زیندانی مەهاباد گوازراونەتەوەو خوشکەکەی لە بەندی \"نسوان\"‌ی ئەو زیندانە لە دەستبەسەریدایە.

گوتیشی، کچێکی هاوڕێی خوشکی عەتا بابایی، کە شوناسی روون نەبۆتەوە، ١٥ رۆژ پێش ئێستا دەستبەسەر و بۆ بەندی نسوانی زیندانی مەهاباد گوازراوەتەوە.

روونیشی کردەوە، ساڵی رابردوو عەتا بابایی هاوڕێ لەگەڵ خوشکەکەی و هاوڕێی خوشکەکەی دەستبەسەر کران، کە پاش ١٥ رۆژ لە دەستبەسەر کران، بە دانانی بارمتە لە زیندان ئازاد کران.

ئەوەشی خستەڕوو، دادگای ئینقلابی مەهاباد ٨ مانگ پێش ئێستا عەتا بابایی بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و هەروەها خوشکەکەی و هاوڕێی خوشکەکەشی، هەر کام بە ٢ ساڵ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد و حوکمەکانیشیان لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاست کراوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە شاری مەهاباد، بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە، مێردی هاوڕێی خوشکی عەتا بابایی بەهۆی دەستبەسەر کرانی هاوسەرەکەیەوە تووشی سەکتەی دڵ بووە و گیانی لەدەست داوە.