دوو ژن و پیاوێک لە سەقز، خۆیان کوشت

16:15 - 11 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەوە لە شاری سەقز، لە سێ رووداوی جیاجیادا سێ هاووڵاتیی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٠ی خەرمانان ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵ لە شاری سەقز خۆی هەڵواسی و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاند، ئەو ژنە ناوی \"پەرەستوو رەشیدی\" بووە، کە ماوەی ٦ مانگ بووەو ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

دەگوترێت، ئەو ژنە تەمەن ٢٦ ساڵەیە بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی و گیرۆدەبوونی هاوسەرەکەی بە ماددە هۆشبەرەکان، خۆی کوشتووە.

هەروەها رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٦ی خەرمانان، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵەی خەڵکی گوندی \"بۆخەڵوو\"ی سەربە ناوچەی سەقز و لە ئەنجامی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوسەرەکەی، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە تەمەن ٣٥ ساڵەیە، ناوی فەریدە حوسێن‌پوور و دایکی دوو منداڵ بووە، کە رۆژی پێنج‌شەممەی حەفتەی رابردوو لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژیی داوەو رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیە و پاش چوار رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی سەقز، گیانی لەدەست داوە.

هەروەها لە رۆژی یەکشەممەی حەفتەی رابردوودا، پیاوێکی خەڵکی شاری سەقز بەناوی \"عەباس حەیدەری\" و ناسراو بە عەباسە کەچەڵ، کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری سەقز یەکێک لە جلدرووە(خیاط) ناسراوەکانی شاری سەقز بووە، کە بەهۆی کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

دەگوترێت، عەباس حەیدەری لە زەوییەکانی دەوروبەری (کانی نیاز) لە نزیک شاری سەقز، خۆی هەڵواسیوەو لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵی هەتاوییەوە هەتا ئێستا، تەنیا لە شاری سەقز ٥ ژن و ٤ پیاو کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.

ئەو ئامارە ریژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بۆیە ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی لەمەڕ ئاماری خۆکوژی لەو شارەدا ئەنجام بدرێت، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.

کارناسانی کۆمەڵایەتی لەو باوەڕەدان، کە زیادبوونی ئامار و رێژەی خۆکوژی لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، راستەوخۆ پەیوەندیی بە پلانڕێژیی نادروستی ناوەندە حکوومەتییەکان و لە ئەنجامدا رسکانی کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە.