دوو ژن و دوو پیاو لە کرماشان هەوڵی خۆکوژییان دا

11:46 - 10 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو ژن و دوو پیاو لە کرماشان، بەهۆی کێشەی هەژاری و گوشاری ئابوورییەوە، هەوڵی خۆکوژییان دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، دوو ژنە هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری کرماشان بە ناوەکانی "زینەت محەممەدی و نگار عێزەتی"، بەهۆی هەژاری و دەسکورتییەوە، خۆیان سووتاند.

لە هەنووکەدا، ئەو دوو ژنە هاووڵاتییە بەهۆی زۆریی ڕێژەی سووتاوییەکەیانەوە، لە نەخۆشخانەی خومەینیی شاری کرماشاندا خەوێندراون و لەژێر چاوەدێریی پزیشکیدان.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە، ٨ی ڕەزبەر، هاووڵاتییەکی دیکەی کرماشانی، بەهۆی دەستکورتی لە دانەوەی قەرزەکانی بە بانک، خۆی سووتاند، کە لە لایەن هاووڵاتییانی ئەو شارەوە لە مردن ڕزگار کرا.

ئەو هاووڵاتییە لە بەرانبەر بینای کەڵانتەریی شاری کرماشاندا خۆی سووتاند و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

هەروەها، پیاوێکی تەمەن ٣٥ ساڵ، بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە لە بینایەکی ٦ نهۆمی لە شارەکی "ئابادانی و مەسکەنـ"ـی کرماشان، خۆی خستووەتە خوارەوە و گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە، بەهۆی کێشەی ئابووری و هەژارییەوە خۆی کوشت.

هەتا ئێستا شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە بۆ ئاژانسی کوردپا، ڕوون نەبووەتەوە.