دوو ڕێکخراوی مافی مرۆیی لە ڕاپۆرتێکدا، داوایان لە ئێران کرد دانپێدانانی زۆرەملێ ڕابگریت

17:27 - 5 پووشپەڕ 2720

دادپەروەری بۆ ئێران و فێدارسیۆنی نێونەتەوەیی کۆمەڵگاکانی مافی مرۆیی (FIDH) لە ڕاپۆرتێکی هاوبەشدا، داوایان کرد بەرپرسانی حکوومەتی ئێرانەوە دانپێدانانی زۆرەملێ ڕابگرن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی پووشپەڕ، لەلایەن ئەو دوو ناوەندە مافی مرۆییە بڵاو کراوەتەوە هاتووە؛ لە یەک دەیەی ڕابردوودا، لانیکەم دانپێدانانی زۆرەملێی ٣٥٥ کەس و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ٥٠٥ کەس لە تێلێڤزیۆنی دەوڵەتی ئێران، بڵاو کراوەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا "حکوومەتی ئۆرولی"(سفەتێکە بۆ وڵاتانی دیکتاتۆر کە کەڵک لە دانپێدانانی زۆرەملێ وەردەگرن و لە دەنگ و ڕەنگی خۆیاندا بڵاوی دەکەنەوە)؛ دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی بە نیشانەی چەکێک بۆ سەرکوتی بەکۆمەڵ" لە ٥٧ لاپەڕە، ئاکامی زیاتر لە ١٥٠٠ کاتژمێر لێکۆڵینەوە، شرۆڤەی زیاتر لە ١٥٠٠ بەرنامە و ١٣ وتووێژی تێروتەسەل لەگەڵ قوربانییانە کە ڕەوتی لەمێژینەی حکوومەتی ئێران لە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ لەلایەن کۆماری ئیسلامیدا ئاشکرا دەکات.

"عادڵ ڕەحمان خان"، سکرتێری فێدراسیۆنی نێونەتەوەیی کۆمەڵگاکانی مافی مرۆڤ (FIDH) دەڵێت: "بەرپرسانی ئێرانی دەیان ساڵە کە دانپێدانانی زۆرەملێ لە میدیاکانی دەوڵەتی بڵاو دەکەنەوە، بۆ سەرکوتی بیروباوەڕی جیاواز کەڵکی لێوەردەگرن. هەنووکە کاتی ئەوە هاتووە کە دانپێدانانی زۆرەملێ کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ ڕاگرتنی کەڵکوەرگرتن لە دانپێدانانی زۆرەملێ کە سەرچاوەی زۆربەی پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤە، گوشار بخەنە سەر ئێران".

ئەو ڕاپۆرتە کە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی پشتیوانی لە قوربانییانی ئازار و ئەشکەنجە بڵاو کراوەتەوە، بە ڕوونی نیشان دەدات کە دانپێدانانی زۆرەملێ بە شێوەی سیستماتیک لە میدیاکانی دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی بڵاو دەکرێتەوە کە ئەوەش بۆ دروستکردنی ترس و سەرکوتی دژبەرانی بیروباوەڕی خۆی بووە.  

دانپێدانانی لە ژێر ئەشکەنجە، هەڵسوکەوتی زاڵمانە، نامرۆڤانە و سووکایەتی لە حاڵەتەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بە ئەژمار دێن. قوربانییان ئاشکرای دەکەن کە نە تەنیا بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە پێش کامێراکان، دانپێدانانێکە کە زۆربەی کات درۆ بووە، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجە و هەڵسوکەوتی نەشیاو ڕووی داوە.

سەرەڕای ئەوە بڵاوکردنەوەی دانپێدانان، دەرد و ڕەنجێکی گەورەی بۆ ئەوان بەجێهێشتووە، کە زۆربەی قوربانییان دانپێدانانی زۆرەملێ وەکوو ئازارێکی جیسمانی و ڕەوانی لەگەڵ لێکەوتە بە جێماوەکان، وەسف دەکەن.

"محەممەد نەیێری" لە بەڕێوەبەرانی دادپەروەری بۆ ئێران لەو بارەیەوە دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی لەمێژە کە لە وەرگرتنی بەرپرسایەتی لە هەمبەر دانپێدانانی زۆرەملێ خۆی دەشارێتەوە، لە کاتێکدا کە تێلێڤیزیۆنی دەوڵەتی ئێران بەردەوام بەرنامەکانی خۆی کە بەرهەمی ئازار و ئەشکەنجەیه، بڵاو دەکاتەوە.

ڕاپۆرتنێرانی دەنگ و ڕەنگی کۆماری ئیسلامی ئازادانە لە ئورووپا هاتوچۆ و چالاکی دەکەن، بە بێ ئەوەیکە دەرئەنجامێک تووشی ئەوان بێت.

یەکیەتیی ئورووپا دەبێت پێش بە بەرپرسان و ڕاپۆرتنێرانی سەر بە دەنگ و ڕەنگ و هەروەها چالاکییەکانی ئەوان لە وڵاتانی یەکیەتیی ئورووپا هەتا کاتێک کە حکوومەتی ئێران بەڵێن بە ڕاگرتنی ئەو شێوازە هەڵسووکەوتە دەدات، بگرێت.