دوو ڕێکخراوی مافی مرۆیی خوازیاری هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام لە ئێران بوون

11:02 - 19 رەزبەر 2720

کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕێپۆرتێرانی بێسنوور لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا بەبۆنەی ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەر ڕۆژی جیهانیی بەربەرەکانێ بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئێعدام، داوایان لە بەرپرسانی ئێران کردووە تاکوو کۆتایی بە ئێعدامی زیندانییانی عەقیدەتی بەتایبەت ڕۆژنامەنووسان لەو وڵاتەدا بێنن.

ئەو دوو ڕێکخراوە مافی مرۆیی و ئازادیی میدیاکان، داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە لە ڕۆژی ١٠ ئۆکتۆبەر لە هەموو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە وەڕێخستنی هەشتەگی "نە بە لەسێدارەدان  (notoexecution#)، بۆ ڕزگاریی گیانی زیندانییانی عەقیدەتی و ڕۆژنامەنووسان لە ئێران بەنیسبەت بەڕێوەچوونی "سزای نامرۆڤانەی ئێعدام" ناڕەزایەتیی خۆیان دەرببڕن.

 لە ڕاپۆرتی ئەو دوو ڕێکخراوە مافی مرۆییەدا هاتووە: "لەسێدارەدانی نەوید ئەفکاری لاوی تەمەن ٢٧ ساڵەی ئێرانی شەپۆلێک لە ناڕەزایەتیی لە ئێران و جیهانی لێکەوتەوە، هەروەها زیاتر لە ٤٠ ئەندامی شورای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کارناسان و ڕێپۆرتێرانی ئەو ڕیكخراوەیە و یەکیەتیی ئورووپا ئێعدامی بان یاساییان تاوتوێ کرد".

لە بەیاننامەی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕێپۆرتێرانی بێسنوور هاتووە: "ئێران پاش وڵاتی چین، دووەمین وڵاتی جیهانە کە زۆرترین بڕیار و جێبەجێکردنی سزای ئێعدامی تێدا جێبەجێ دەبێت".

"شیرین عیبادی" بەرپرسی کانووسی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە ئێران لەو بەیاننامەیەدا پێداگریی کردووەتەوە کە هەنووکە زیاتر لە ٣٠ کەس لە زیندانییەکانی ئێران لەگەڵ حوکمی لەسێدارەدان بەرەڕوون و "کریستف دوولوار" سکرتێری یەکەمی ڕێکخراوی ڕیپۆرتێرانی بێسنوور لەوبارەیەوە وتوویەتی: "لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران هەزار ژن و پیاو و زیاتر لە ٢٠ ڕۆژنامەنووس لە دادگا نادادپەروەرانەکانی حکوومەتی ئێران ئێعدام کراون".