دوو ڕۆژنامەنووسی کرماشانی لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەیان بێبەری بوون

14:08 - 11 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دادگای کرماشان بڕیاری نەگرتن و بێتاوانی بۆ دوو ڕۆژنامەنووسی خەڵکی ئەو شارە دەرکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنە خۆجییەکانی کرماشان، \"غوڵامڕەزا نووری عەلا\"، بەڕێوەبەری ڕۆژنامەی \"نقد حال\" و \"محەممەد موحسێنی‌نەسەب\"، ڕۆژنامەنووسی ئەم ڕۆژنامەیە، لە سەر سکاڵای پارێزگاری کرماشان بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە مەئموورانی دەوڵەت و بڵاوکردنەوەی ناڕاستییەکان\" بە هۆی ڕاپۆرتی \"کرانەوەی شانۆیی قوتابخانەی قەیامی شاری سەرپێڵێ‌زەهاو\"، بێتاوان دەرچوون.

لێکۆڵەری دۆسیەکە بەپێچەوانەی میدیای ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکان، بڕیاری بێتاوانی ئەم دوو ڕۆژنامەنووسە کرماشانییەی دەرکرد.

محەممەد موحسێنی‌نەسەب، ماوەیەک پێش لە لایەن پارێزگاری کرماشانەوە سکاڵای لێکرابوو بە تۆمەتی \"بێڕێزی بە مەئمووری دەوڵەت بە هۆی بە کاربردنی پەندێکی کوردی\" بە حوکمی دادگا لە تاوانەکەی بێبەری بوو.

قوتابخانەی \"قیام\" لە شاری سەرپێڵ کە ١٢ پۆلی هەیە و لە ساڵی ٩٣ سازکراوە ، لە بوومەلەرزەی خەزەڵوەری ساڵی ٩٦دا به پێی بەدواداچوونی ڕێکخراوی نۆژەنکردنەوە تووشی خەساری ٢ لەسەدی بووە که وەکوو قوتابخانەیەکی تازە سازکراو به پەیامی ڤیدیۆئیی حەسەن ڕۆحانی لە لایەن پارێزگاری کرماشان دەستی بەکار کرد که لە لایەن ڕۆژنامەوان و چالاکانی میدیایی کرماشانەوە وەکوو \"دەست بەکار کردنێکی نمایشی\" ڕەخنەی لێ گیرا.