دوو چالاکی کورد بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەیان ڕەوانەی زیندان کران

10:27 - 19 رێبەندان 2719

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، "ئەمین سێبەر"، چالاکی کرێکاریی کوردی خەڵکی کرماشان، بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کرا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٤ی خەرمانان، ئەو چالاکە کرێکارییە لەلایەن دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی "تێکدانی بێروڕای گشتی" بە سێ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.

ئەو چالاکە کرێکارییە لە ماوەی دادگایی کردنیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" بێبەری بووە.

"ئەمین سێبەر"، مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٩٦ لە کرماشان دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەی، ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمەی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی ڕێبەندان، "گۆران قوربانی"، چالاکی مەدەنی و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بۆ تێپەڕاندنی ماوەی زیندانیبوونەکەی ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەوزی چیا، ڕۆژی ٢٣ی پووشپەڕی ئەمساڵ، پاش بانگهێشتکردن بۆ ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان دەسبەسەر و پاش چەند مانگ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

دادگایی کردنی ئەو چالاکە مەدەنییە مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" لە دادگای مەریوان بەڕێوە چوو و ناوبراو بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرابوو.ن

پاش ناڕەزایەتیی "گۆران قوربانی" بە حوکمەکەی، مانگی بەفرانباری ئەمساڵ، ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی سنە بۆ ٥ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرایەوە.

وێنە: ئەمین سێبەر و گۆران قوربانی