دوو چالاکی کرێکاریی، لە ڕۆژی جیهانی کرێکاران لە شاری سنە دەستبەسەر کران

14:12 - 12 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە لیباس شەخسییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعات، لە شاری سنە دوو چالاکی کرێکارییان دەستبەسەر کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١١ی بانەمەڕ، دوو چالاکی کرێکاریی بە ناوەکانی \"یەدوڵڵا سەمەدی و ئەمیر شەهابی، بەرێوەبەری و بەرپرسی سەندیکای کرێکارانی نانەواخانەکانی شاری سنە، لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەواڵنێری کوردپا، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند: هێزە لیباس شەخسییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی یەدوڵڵا سەمەدی و پاش پشکنینی ماڵەکەی ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.

هەروەها بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، ئەمیر شەهابیش لە یەکێک لە شەقامەکانی شاری سنە لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەستبەسەر کردن و شوێنی ڕاگیرانی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.