دوو چالاکی کرێکاریی لە شاری سنە دەسبەسەر کران

15:48 - 14 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی کرێکاریی، خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانان، دوو چالاکی کرێکاریی بە ناوەکانی \"موزەفەر ساڵح‌نیا\" ئەندامی هەیئەتی یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێران و \"خالید حوسێنی\" ئەندامی کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

لە هۆکاری دەسبەسەرکرانی و تۆمەتە‌ وەپاڵدراوەکانی ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین چالاکی کرێکاری و ژینگەپارێزی، بە هۆی بەرێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی چوار چالاکی ژینگەپارێزی شاری مەریوان، لە ڕۆژی هەینی ٩ی خەرمانان، لە لایەن ستادی خەبەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ئەو دوو چالاکە کرێکارییە، چەندین جار بە هۆی چالاکییەکانیان لە ڕاستای پشتیوانی لە مافی کرێکاران دەسبەسەر و بانگهێشت کراون.