دوو چالاکی ژینگەپارێزی پاش مانگێک لە دەسبەسەرکران چارەنووسیان ناڕوونە

15:58 - 21 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ناڕوونی چارەنووسی دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری بۆکان، نیگەرانی لای بنەماڵەکانیان درووست کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی دوو چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری بۆکان بە ناوەکانی \"حامید سپێهری و جەعفەر ئەمینی\" پاش مانگێک لە دەسبەسەر کرانیان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان ناڕوونە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە کە ئەندامی ئەنجومەنی \"ژینگەپارێزی وڵات\"ن، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکان دەسبەسەر کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە دانی وڵامێکی ڕوون خۆیان دەبوێرن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە کردووە کە لە وتووێژ کردن لە گەڵ ڕاگەیەندنەکان سەبارەت بە کوڕەکانیان خۆیان ببوێرن.

بنەماڵەی ئەو دوو چالاکە ژینگەپارێزییە بە نیسبەت ناڕوونی چارەنووسی کوڕەکانیان نیگەرانیان دەربڕیوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە شوێنی ڕاگیران و تۆمەتی وەپاڵدرای ئەو دوو هاوووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.