دوو چالاکی فەرهەنگی و هونەری لە شاری کامێران دەسبەسەر کران

12:37 - 30 خەرمانان 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری کامێران لە پەیوەندی لەگەڵ کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییەکانی ٢٨ی خەرمانان، دەسبەسەر کران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار "محەممەد پەرویزی" هونەرمەند لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و بە توندی ئازار و ئەشکەنجە دراوە و دوایی چەند ساعەت لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: سیروان مورادی تەمەن ٣٦ ساڵ، چالاک و شاعیری خەڵکی گوندی "ئەڵک" سەر بە شاری کامێران، ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی خەرمانان، پاش بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە چارەنووسی ئەو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

شەوی دووشەممە مەئموورانی ئەمنییەتیی هێرشیان بردبووە سەر ماڵەکەی و لە دەسبەسەر کردنی ئەو شاعیرە، سەرکەوتوو نەبوون.

وێنە: محەممەد پەرویزی و سیروان مورادی