دوو چالاکی فەرهەنگی لە زیندانی دێزڵاوای کرماشان مانیان گرت

15:23 - 19 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو چالاکی فەرهەنگیی کورد خەڵکی شاری کرماشان، لە زیندانی دیزڵاوای ئەو شارە مانیان لە خورادن گرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ، ئەندازیار \"مستەفا باقری ئاشنا\"، دانیشتووی شاری کەنگاوەر و ئەندامی نیزامی ئەندازیارانی شاری کرماشان و سەید \"ئەردەشێر مووسەوی\" خەڵکی شاری کرماشان و کارناسی زانستی سیاسی، بە نیسبەت \"بێبەری کردنیان لە مافی یاسایی و بێبەری لە خەدەماتی دەرمانی\" بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەو بارودۆخە، لە زیندانی دێزڵاوای شاری کرماشان مانیان لە خواردن گرتووە.

سەرەڕای تێپەڕینی ٣٣ ڕۆژ بە سەر دەسبەسەرکرانی ئەم دوو چالاکە فەرهەنگییە کوردە، دادستانی شاری کرماشان پێشی بە ئازادکردنی ئەو دوو چالاکە کوردە گرتووە.

ئەندازیار باقری ئاشنا نەخۆشیی دڵی هەیە و لە ماوەی ئەو ٣٣ ڕۆژەدا لە هەموو جۆرە چاوەدێریی پزیشکی و دەرمانی بێبەری کراوە.

شەوی پێنجشەممە ١٤ی پووشپەڕ، ئەندازیار \"مستەفا باقری ئاشنا\" دانیشتووی شاری کەنگاوەر و ئەندامی نیزامی ئەندازیاریی شاری کرماشان، سەید \" ئەردەشێر مووسەوی\"، خەڵکی کرماشان کارناسی زانستی سیاسی، \"مێهدی ئازادبەخت\" خەڵکی شاری لوڕستان وێنەگر، ئەندازیار \"بیژەن هیمەتی\" خەڵکی شاری کرماشان و \"شەهریار تەهماسبی\" کارناسی کۆمەڵناسی، خەڵکی شاری کرماشان لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی \"خوێندەوان\" لە لایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.