دوو چالاکی عەرەب لە ئەهواز دەستبەسەر کران

15:25 - 8 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: حەوتووی ڕابردوو هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ئەهواز، دوو کەسیان دەستبەسەر کردووە و هەڕەشەیان لە بنەماڵەکانیان کردووە کە باسی گیرانی کەسەکانیان نەکەن.

بەپێی هەواڵە بڵاوبووەکان، هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم، لە درێژەی دەستبەسەرکردن و ئازاردانی خەڵکی عەرەبی ئەهواز و ناوچەکانی دەوروبەری‌دا، دوو کەسی دیکەیان بە ناوەکانی ڕەزا کەعبی و عەلی جەلالی دەستبەسەر کردووە.

بەپێی هەواڵەکان، ئەو دوو کەسە لە سەرەتای مانگی جۆزەرداندا دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە. ئەم دوو کەسە حەوتوویەک بەسەر دەستبەسەرکرانیاندا تێدەپەڕێ و هۆکاری بڵاو نەبوونەوەی هەواڵی گیرانەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دەزگا ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم لە ئەهواز، وێڕای دەستبەسەر کردنی خەڵک، هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکەن کە هیچ زانیارییەک لەسەر ڕووداوەکە بە ڕاگەیەنەکان نەدەن، دەنا ڕۆلەکانیان ئەشکەنجە دەکەن. بنەماڵەکانیش لە ترسی ئازار نەبینینی ڕۆڵەکانیان، دەستبەسەر کرانی ڕۆڵەکانیان دەشارنەوە.

ماوەیەکە دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە ئەهواز و ناوچە عەرەب نشینەکانی باشووری ئێران، دەستیان داوەتە گرتن و ئازاردانی چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی و تەنانەت ژینگەیی و لە ترسی ئەوەی خەڵکی عەرەبی ئەو ناوچەیە بە دژی ڕێژیم رانەپەڕن، بە هەڕەشە و دەستبەسەرکردن دەیانەوێ کەشی ترس لە ناوچەکەدا زاڵ بکەن.

جێگای ئاماژەیە کە لە هەموو ناوچەکانی ئێران کە نەتەوە ستەملێکراوەکانی تێدا دەژین، ماوەیەکە سیاسەتی ترس زاڵ کردن و دەستبەسەرکردن و ئێعدام ، پەرەی پێ دراوە و ڕێژیم لە ترسی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، ڕەوشی تۆقاندن و چاوسوورکردنەوە پێڕەو دەکات.