دوو چالاکی تێلگرامی لە مەهاباد دەستبەسەر کران

16:26 - 17 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەتییەکان لە شاری مەهاباد دوو چالاکی تێلگرامیی خەڵکی ئەو شارەیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕایانگواستن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی خاکەلێوە، دوو چالاکی تێلگرامی لە شاری مەهاباد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کران.

شوناسی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە بە ناوەکانی\" هیوا کیایی و مێهدی سەلاحی\" ڕاگەیەنراوە.

سەرچاوەی هەواڵی کوردپا لە شاری مەهاباد ڕایگەیاند: ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە تەنیا بە هۆی بڵاوکردنەوەی بابەتگەڵێک لە کاناڵێکی تێلگرام بە ناوی\" فریاد خاموش\" لە پەیوەندی لەگەڵ دۆخی منداڵان و کڕێکاران دەستبەسەر کراون.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دوو چالاکە تێلگرامییە هیچ چالاکییەکی نایاسایاین نەبووە و تەنیا لەو کاناڵەدا بابەتی پەیوەندیدار سەبارەت بە بارودۆخی کرێکاران و منداڵانیان بڵاو کردووەتەوە.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، هیوا و مێهدی لە ماوەی دەستبەسەر کرانیاندا تەنیا جارێک لەگەڵ بنەماڵەکەیان پەیوەندییان گرتووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە بنەماڵەی دەستبەسەر کراوەکان هیچ زانیارییەکیان سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگرتن و هۆکاری دەستبەسەر کردنی کوڕەکانیان لەبەردەستدا نییە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، زۆرجار لەلایەن ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، بە هۆی سانسۆڕی ئینترنێتی و سەرکوتی چالاکانی دونیای مەجازی، بە توندی مەحکووم کراوە.