دوو پەنابەری عەرەبی خەڵکی ئەهواز لە بێلژیک مانیان گرت

12:13 - 22 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی عەرەبی خەڵکی ئەهواز لە وڵاتی بێلژیک بەهۆی رەتکرانەوەی داوای پەنابەرییان لەو وڵات، دەستیان داوەتە مانگرتن.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٢ پەنابەری خەڵکی ئەهواز بە ناوەکانی \"حوسێن سنجەری\" تەمەن ٢٦ ساڵ لەگەڵ خوشکێکی بە ناوی \"فاتمە سنجەری\" کەلە کەمپێکی داخراودا راگیراون، لەبەر رەتکرانەوەی داوای پەنابەرییەکەیان لەلایەن ئیدارەی کۆچبەرانی وڵاتی \"بێلژیک\"ەوە، دەستیان داوەتە مانگرتن.

دوێنێ یەکشەممە ئەو ٢ پەنابەرە ئەهوازییە لە وتووێژێک لەگەڵ چالاکانی مافی مرۆڤی بێلژیک داوایان لە سەرجەم رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە بە هانایانەوە بچن و لەو دۆخە نالەبارە رزگاریان بکەن. \"حوسێن و فاتمە\" هەنووکە مەترسیی دیپۆرت کرانەوەیان لەسەرە و لە ئەگەری دیپۆرت کرانەوەیان بۆ وڵاتی ئێران، گیانیان دەکەوێتە مەترسییەوە.

کۆمەڵێکی دیکە لە پەنابەرانی ئەهوازی لە هولەند پشتیوانیی خۆیان لەو ٢ خوشک و برایە دەربڕیوە و داوایان لە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە ئاوڕ لە داواکاریی ئەو ٢ کەسە بدەنەوە و ئەگەر داواکانیان رەت بکرێتەوە ئەوانیش دەست بە مانگرتن دەکەن.

دوابەدوای زەخت و گوشاری هێزە ئەمنییەتیەکان بۆ سەر هاوڵاتییانی عەرەبی ئەهواز، کۆمەڵێکی بەرچاو لە چالاکانی سیاسی و فەرهەنگیی عەرەب روویان لە وڵاتانی ئورووپایی کردووە.

کۆمەڵێک لەو پەنابەرانە لەبەر ئاشنا نەبوون بە یاساکانی پەنابەری و کۆچبەری بەرەوڕووی گەڕاندنەوە و دیپۆرت کرانەوە بۆ ئێران دەبن.

ساڵی ٨٦ زیاتر لە ١٧ هاوڵاتیی عەرەبی ئەهواز لەلایەن حکوومەتی سووریەوە رادەستی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران کرانەوە کە زۆربەیان بەرەوڕووی حوکمی ئیعدام یان زیندانی درێژماوە بوونەوە.