دوو پەنابەری سیاسی کورد لە تورکیە هێرشیان کرایە سەر

16:07 - 16 خاکەلێوه 2717
ئاژانسی کوردپا: کەسانی نەناسراو لە شاری سنووریی وان لە تورکیە بنەماڵەی دوو گیراوی سیاسی پێشوویان ئەزیەت و ئازار داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو، ١٥ی خاکەلێوە، دوو پەنابەری سیاسی کورد لە تورکیە دەگەڵ بنەماڵەکانیان لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە هەڕەشەی مردنیان لێکرا.

ڕەزا شەریفی بۆکانی و شارام ئەلیاسی شوناسی ئەو دوو زیندانییە سیاسییەیە کە ئێستا نیشتەجێی شاری وان لە تورکیەن.

هەواڵنێری کوردپا بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی ئەو دوو پەنابەرە، پێوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ شارام ئەلیاسی گرت و ناوبراو وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتەکە، وتی: پێش لە خۆرئاوای سێشەممە، ماشینێک بە سێ کەسەوە لەبەر ماڵی ئێمە و کاک ڕەزا ڕایگرت و بە جنێو و سووکایەتی، ‌هەڕشەیان لێکردین.

لەدوای ڕووداوەکە، ئەو دوو پەنابەرە لەتەک پولیسی تەناهی شاری وان پێوەندییان گرتووە بەڵام لەپاش ١٥جار تەلەفوون کردن و بە یەک کاتژمێر درەنگ کەوتن، لە شوێنی حەوانەوەی ئەوان ئامادە بوون.

شارام ئەلیاسی لە درێژەدا باسی لە \"ناجیگیر\"بوونی ئەمنییەتی گیانی خۆی و بنەماڵەکانیان دەکات و \"دەستوپێوەندیی و ڕێکخستنەکانی گرێدراوی کۆماری ئیسلامی\" بە پێکهێنەری ترس و دڵەڕاوکێ بۆ پەناخوازانی سیاسی نیشتەجێی تورکیە و بەرپرسی گیانی خۆیان لەقەڵەمدا.

هەروەها ڕەزا شەریفی بۆکانی لە وتووێژێکی کورتدا، بەتوندی ڕەخنەی لە هەڵسوکەوتی پۆلیسی تورکیە گرت و ڕوو لە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، هێزە سیاسییەکان کورد و ڕاگەیەنەکان داوای بەهاناچوون بۆ دۆخی خۆیان لە وانی کرد.

هەروەها ئاژانسی کوردپا بەڵگەی دەسکەوتووە کە لە یەک مانگی ڕابردووەوە ڕەزا شەریفی بۆکانی لە ڕێگای ئیمەیل و تەلەفوونەوە هوشداری پێدراوە و لەپێوەندی لەگەڵ زانیاریدان لەمەڕ پێشێلکرانی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ئێران لەلایەن ناوبراوەوە هەڕەشەی لێکراوە.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە پێشتر بەهۆی چالاکی سیاسی لە ئێران، چەندین ساڵ لە زیندانەکانی وەک ڕەجایی شار حەبس کراون.

ئەمنییەتی گیانی ئەو دوو دژبەرەی حکوومەتی ئێران دەگەڵ بنەماڵەکانیان لە تورکیە لەکاتێکدایە کە هەردووکیان توانیویانە کەیسی پەنابەرییان بە سەرکەتوویی تێپەڕ بکەن و قەبووڵی وڵاتی سێهەم بەدەست بێنن بەڵام دوڵەتی تورکیە تاکوو ئێستا ئیزنی چوونی ئەو دوو کەسەی نەداوە.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر دەستەیەکی ٣٠ کەسی، پەنابەرێکی کوردی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە باشووری لەندەن داوتەبەر لێدان و لە کاپۆڵی تووشی شکانی ئێسک بوویە.