دوو پێشمەرگەی \"حدکا\" لە تۆپبارانی سپای پاسداران گیانیان لە دەست دا

22:37 - 26 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو پێشمەرگەی \"حدکا\" لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی خاکی هەرێـمی کوردستانی عێراق لە لایەن سپای پاسدارانەوە گیانیان لە دەست دا.

فەرماندهی هێزی پێشمەرگەی کوردستان سەر بە \"حدکا\" لە بەیاننامەیەکدا لە ماڵپەڕی فەرمی ئەو حیزبە گیان لە دەستدانی دوو پێشـەرگەی کوردستانی بە ناوەکانی \"ڕەحیم ڕۆستەم داستان\" خەڵکی شاری مەهاباد و \"ئیدریس دەرویشی\" خەڵکی شاری پیرانشار لە ئەنجامی تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان لە لایەن تۆپخانەکانی سپای پاسدارانەوە پشتڕاست کردەوە.

فەرماندیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ڕاگەیەندراوەدا دەڵێت: \"به هۆی چڕی تۆپبارانەکه زەرەر و زیانی مادیی زۆر لە خەلکی ناوچەکە کەوتووە\".

کاتژمێر ٢ دوانیوەڕی ئەمڕۆ ٢٦ی پووشپەڕ، تۆپخانەکانی سپای پاسداران ناوچەی \"گوندە ژوور\"ی سەر بە شاری چۆمان و ناوچەی \"بەربەزین\" لە سیدەکانیان تۆپباران کرد.