دوو وەرزشوانی پەناخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵات توانییان لە کێبڕکێی نێودەوڵەتیی کۆنگفۆتووا بدرەوشێنەوە

12:58 - 10 سەرماوەز 2721

دوو وەرزشوانی پەناخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ناوەکانی "عەباس زەندی" و "کوردستان زەندی" لە کێبڕکێی جیهانیی "کۆنگفۆتووا"ی وڵاتی بولغارستان، توانییان دوو میداڵی "زێڕ" بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن.

ئەو دوو وەرزشوانە ڕۆژهەڵاتییە، پەناخوازن و لە وڵاتی تورکیە نیشتەجێن.

سێزدەهەمین کێبڕکێی نێودەوڵەتیی کۆنگفۆتووا، لە ڕێکەوتی ٥ی سەرماوەز بەڕێوە چووە و ٧ی سەرماوەز لە شاری سۆفیای وڵاتی بولغارستان کۆتایی پێ هاتووە.

بەهۆی کێشەی یاسایی کە بۆ کۆنگفۆکارانی وڵاتی تورکیە و چەند تیمی وڵاتانی دیکە هاتبووە پێشەوە، دەرفەتی بەشداریکردنیان لەو کێبڕکێ نێودەوڵەتییە لە وڵاتی بولغارستان نەبووە، بەو هۆیەوە کۆمیتەیەک لەلایەن فێدراسیۆنی جیهانیی کۆنگفۆتووا لە وڵاتی تورکیە ئامادە بوو و ئەو دوو وەرزشوانە پەناخوازە توانییان لەو کێبڕکێیەدا، پلەی یەکەم بەدەست بهێنن.

ئەو کێبڕکێیە لە هەر دوو وڵاتی تورکیە و بولغارستان و لە ئاستی تەمەنی جۆراوجۆر بەڕێوە چووبوو.

"عەباس زەندی" ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی" لەلایەن دادگای ئینقلابی سنە بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری و چوار ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و سەرجەم بە ٦ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو و ماوەی ٢ ساڵ لە زیندانی تەعزیرییەکەی لە زیندانی ناوەندیی سنەدا بووە. ناوبراو چەند ساڵ لەمەوبەر دوای بانگهێشتکردنی بۆ ئیدارەی ئیتلاعات ناچار بوو زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت.

ئەو وەرزشوانە کوردە دەرچووی ئەندازیاریی مێعمارییە و دامەزرێنەری یانەی ڕەزمیی "نەبەز" لە شاری سنەیە و ماوەی ١٠ ساڵ لەو یانەیەدا ڕاهێنەری وەرزشی کۆنگفۆتووا بووە.