دوو هونەرمەندی زەردەشتی ئێرانی- ئامریکایی دەستبەسەر کراون

15:18 - 21 بەفرانبار 2716
ئاژانسی کوردپا: دوو شارۆمەندی ئێرانی – ئامریکایی کە پێڕەوی ئایینی زەردەشتین، بە تاوانی \"چالاکی بۆ بە ئەندام وەرگرتنی خەڵک بۆ سیخوڕی و هەوڵدان دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی\" شەش مانگە لە زیندانی ئێڤیندا دەستبەسەرن.

بەپێی دوایین هەواڵەکان، \"کارین وەفاداری\" و\"ئافەرین نێیساری\"، شوناسی ئەو دوو کەسەیە کە هاوژینی یەکترن و هەردووکیشیان گەلەریان هەبووە و بۆ فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەکانیان هەوڵیان داوە، بەڵام لە هەمان کات دا سەرەڕای تۆمەتە وەپاڵ دراوەکانیان بەهۆی فرۆشی بەرهەمی هونەری دژ بە پێوەرەکانی ئیسلامیش تۆمەتبار کراون.

ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بڵاوی کردووەتەوە کە ، \"ئافەرین نێیساری\" بەرپرسی \"نیگارکێشی ئان\"ە و هاوسەرەکەشی \"کارین وەفاداری\" لە ڕێکەوتی ٣٠ پووشپەری ١٣٩٥ی هەتاویدا لە فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی تاران بە دەستی هێزەکانی ساروڵڵا قۆڵبەست کراون.

\"\"
کارین وەفاداری و ئافەرین نێیساری
ئەو دوو هونەرمەندە زەردەشتییە بە دوای لێکۆڵینەوە و پشکنینی ماڵەکەیان، گەلەرییەکەیان بە خێرایی پلۆمپ کراوە و هەردووکیشیان بە زیندانی تاکەکەسی لە بەندی ٢\"ی ئەلف\" گواستراونەتەوە و بە دوای ٥ مانگ دەست بەسەر بوون و لێکۆڵینەوە و سەپاندنی زیندانی درێژخایەنی تاکەکەسی، هەردووکیان بە بەندی‌گشتی ڕاگوێزراون.

ماوەیەک پێش ئێستا، کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و شێوەکاران، ،سەبارەت بە ئاگادار کردنەوەی ماڵپەڕەکان لەسەر بارودۆخی ئەم دوو هونەرمەندە داوای ڕاگەیەندراویان کردبوو.

\"کارین وەفاداری\"، دەرچووی بەشی ئەندازیاری ئێلێکترۆنیک و بەڕێوەبەری لە زانکۆی نیۆیۆرکە و هاسەرەکەشی \" ئافەرین نێیساری\" دەرچووی بەشی مێعماری لە ئیرانە.

دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی ئێرانی کە لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن بە تایبەت دانیشتوانی وڵاتی ئامریکا ،بەردەوام لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە درێژەی هەبووە و لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا بە بەردەوامی ئەم کەسانە بە هۆکارگەلێکی جۆراوجۆر قۆڵبەست کراون.