دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ بە زیندان مەحکووم کران

11:53 - 4 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری ورمێ، لە خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە دژی هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، دوو کەسیان بە زیندان مەحکووم  کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کەیوان زارعی و ڕەزا ئیسماعیلی"، لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ، هەر کامیان بە ساڵێک زیندانیی تەعزیری مەحکووم کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "چابوک"، بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە زیندان مەحکووم کراون.

لە لایەکی دیکەوە، دوو ژنە هاووڵاتیی دیکەی کورد بە ناوەکانی "سومەیە ساکانی و کەوسەر ئیسماعیلی"، پاش دەسبەسەرکردنیان بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزران.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی "ئومید مەلەکی" کە حەوتووی پێشوو دەسبەسەر و بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ڕاگوێزرابوو، بۆ لێکەوڵینەوە ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە ژنە هاووڵاتییەکی دیکە کە هەنووکە شوناسی ناڕوونە، بە دانانی بارمتە لە گرتنگە ئازاد کرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی دیکە کە لە هۆڵی وەرگرتنی زیندانی ورمێ  کە ٢٠٠ میتر دوورترە، ڕاگیراون و ئەگەری هەیە لە داهاتووەدا دادگایی بکرێن و حوکمیان بە سەردا بسەپێنن.