دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران

18:29 - 6 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٦ـی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "بەهمەن مەحموودی ئازەر" خەڵکی شاری شنۆ و "یەعقووب مەحموودی ئازەر" خەڵکی گوندی "سینگانـ"ـی سەر بە شاری شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بوونی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییە و ئەوانیان دەسبەسەر کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوەش کردووە کە هێزە ئەمنییەتییەکان ماڵی ئەو دوو هاووڵاتییەیان بە وردی پشکنیوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەری و تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژ بەو دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.