دوو هاووڵاتیی کورد پاش ٥ ساڵ ناڕوونیی چارەنووسیان لە دادگای ئینقلابی مەهاباد دادگایی کران

10:26 - 4 رەشەمه 2721

ڕۆژی سێشەممە ٣ی ڕەشەمە، کۆبوونەوەی دادگایی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی "جەماڵ یووسفی و حوسێن ئیبراهیم‌حەمزە" هاووڵاتییانی بۆکانی، پاش ٥ ساڵ لە ناڕوونیی چارەنووسیان لە دادگای ئینقلابی مەهاباد بەڕێوە چوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفڕانسێک، بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بەڕێوە چوو.

ئەو دوو زیندانییە ساڵی ڕابردوو لە زیندانی بۆکانەوە بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوون.

هەروەها ئەو دوو زیندانییە سەرەتاکانی ساڵی ٩٧، بۆ لێپرسینەوە لە زیندانی بۆکان ڕەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابوون و دواتر بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزران.

ئەو دوو هاووڵاتییە ساڵی ٩٥ بە تۆمەتی " ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا " ە گرتنی پارێزەر" بێبەری کرابوون.

وێنە: جەماڵ یووسفی و حوسێن ئیبراهیم‌حەمزە