دوو هاووڵاتیی کورد پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کران

12:14 - 29 پووشپەڕ 2722

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی پووشپەڕ، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "دیار عەباسی" و"ڕەحمەت ئابجامە"، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کران.

ئەو دوو هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە "دەستپێڕاگەیشتن بە پارێز و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان" بێبەری کرابوون.

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی جۆزەردان، "دیار عەباسی" خەڵکی گوندی " بەرەجۆ"ی بەخشی خەلیفانی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو. دیار عەباسی پێشتر ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیران بووە کە دواتر گەڕابووەوە بۆ ئێران.

ڕۆژی چوارشەممە ١ی پووشپەڕ، "ڕەحمەت ئابجامە" خەڵکی شاری مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی لە گۆڕەپانی "ئیستقلال" دەسبەسەر کرابوو. هێزە ئەمنییەتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، ڕژاونەتە ماڵەکەی و هێندێک کەرەستەی کەسیی ناوبرایان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

ڕەحمەت ئابجامە خێزاندار و خاوەنی منداڵێکە.

هەتا ئیستا  لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی ‌وەپاڵدراو دژی ئەو دوو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: دیار عەباسی و ڕەحمەت ئابجامە