دوو هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان، گیانیان لەدەست دا

14:26 - 23 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کورد بەهۆی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە جادەی سەقز- سنەدا، گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٢١ی پووشپەڕ، ماشینی کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"حەسەن ڕەسووڵزادە\"، خەڵکی شاری سەقز، لە ئاکامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە جادەی نێوان سەقز- سنەدا، تووشی ڕووداو بوو و بەهۆی پێکدادان لەگەڵ ماشینێکی دیکەدا، هەر دوو شۆفیرەکە گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ‌هێزە نیزامییەکان بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ، ویستوویانە ماشینی \"حەسەن ڕەسووڵزادە\" ڕابگرن، کە لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان، ئەم کاسبکارە کوردە، تووشی ئەو ڕووداوە بووە.

ئەم ڕووداوە لە نزیک گوندی \"حوسێن‌ ئاوا\" ڕووی داوە.

\"حەسەن ڕەسووڵزادە\"، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و لە شوناسی ئەو شۆفیرەکەی دیکە کە گیانی لەدەست داوە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

هەر لەو ڕووداوەدا، هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی \"ئارمان ڕەحمانپوور\" بە سەختی بریندار بووە و لە بێهۆشیی درێژخایەندایە.