دوو هاووڵاتیی کورد لە پیرانشار، بەدەستی هێزە نیزامییەکان بوونە قوربانی

15:20 - 22 گەلاوێژ 2714
ئاژانسی کوردپا: کوشتن و بریندارکردنی هاووڵاتییان و کۆڵبەران بەدەستی هیزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچە کوردنشینەکان بەردەوامە ولەچەند رۆژی رابردوودا، لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزیی پیرانشاردا، دوو کەس بوونەتە قوربانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کاسبکارێکی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، بەناوی سەید کەماڵ ئەبتەحی، لەلایەن هێزە نیزامییەکانی گوندی چیانەی سەر بە پیرانشار دراوەتە بەر دەستڕیژی گولـلە.

ئەو رووداوە سەرلە ئێوارەی رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ٢١ی گەلاوێژ رووی داوە و هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە زانیارییەک لەچارەنووسی ئەو هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نیە.

سەید کەماڵ ئەبتەحی دانێشتووی گەڕەکی بەری شیلانانی مەهاباد، خێزاندار و باوکی سێ منداڵیش بووە، کە لە ناوچەی بازرگانیی چیانە سەرقاڵی کاسپی و دابین کردنی بژیویی ژیان بووە.

سەرچاوەیەک بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاندووە؛ جەستەی بێ‌گیانی سەید کەماڵ بردراوەتە نەخۆشخانەی شاری پیرانشار و لە مان یان نەمانی ئەو هاووڵاتییە زانیاری بڵاو نەبۆتەوە.

رۆژی یەکشەممەی ئەم حەفتەیەش هێزە نیزامییەکان، تەقەیان لەکۆڵبەرێکی کورد بەناوی ئەسعەد حاجی حوسێنی تەمەن ٤٠ سال کردووەو دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەکان، ئەو کۆڵبەرە کوردە هاوڕێ لەگەڵ کاروانی کۆڵبەرانی سەر سنووری پیرانشار کەوتۆتە بۆسەی هیزە نیزامییەکانەوەو گیانی لەدەست داوە.