دوو هاووڵاتیی کورد لە لایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەسبەسەر کران

14:43 - 19 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسداران دوو هاووڵاتیی کوردیان لە بەخشی هەورامانی شاری سەوڵاوا دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١٧ی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"ئارام ئەدوایی و بورهان ئەدوائیان\" خەڵکی گوندی \"سلێن\" لە بەخشی هەورامانی سەوڵاوا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکان سەر بە ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش هێرش کردنە سەر شوێنی کاری ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە، بەبێ بەڵگەی یاسایی ناوبراوینیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە سەر هۆکاری دەسبەسەر کردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.